09‏/01‏/2011

بۆئەوەی بەختەوەر بیت، با ژیانت سادە بێت

توێژه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی     حەمەی ئەحمەد رەسوڵ
ئەوە شێوازو ستایلی ژیانە كە كەسێتی مرۆڤ و چۆنیەتی ژیانت دەستنیشان دەكات. ژیانی راستەقینەش ئەو ژیانەیە كە بڕێكی زۆری ئاسوودەیی و بەختەوەری و هێوری تێدابێت. بەڵام ئەگەر هەر بەردەوامیدان بێت بە ژیان و ئەگەر كولەمەرگی و بەدبەختیش بوو ئەو ژیانە مەرگەساتە. ژیان گرنگی هەیەو لە دەروونی خۆیدا هەڵیگرتووە كە بریتیە لە سادەیی. رۆسۆو جۆن ستیورات میل، ئەم نهێنییەیان ئاشكرا كرد، بۆیە داكۆكیان لە گەڕانەوەی مرۆڤ دەكرد بۆ سروشت و بۆ گوندەكان، چونكە ئەوان، تاكە ژیانی راستەقینە لەدەم مێرگ و قەدپاڵی چیاو لێرەوارەكاندا بەدی دەكەن!
بێگومان باپیرانمان ژیانیان زۆر سادە بوو، بیركردنەوەو رەفتار نواندنیشیان سادەترو ئارامتر بوو، ئەوان بڕواو قەناعەتیان زۆر پتەو بوو، ئەوان ئاسوودەو ئارام و بێخەم و بێ سەریەشەتر ژیاون لە ئێمە، خەمی ڤێلاو مۆنیكاو سپلێت و كۆمپیوتەرو بێكارەبایی و بێئاوی و بێسووتەمەنیان نەبووە. لەگەڵ یەكتردا ژیاون و خۆشەویستیان بەسەر یەكتردا دابەشدەكرد، پەیوەندی ئەوان لەگەلًَ مرۆڤ وخاك و ئاژەڵدا پەیوەندییەكی رۆحی و زیندوو بووە، پەیوەندی ئێمەش لەگەڵ مۆبایل و ئۆتۆمبێل و سەتەلایت و ئینتەرنێتدا پەیوەندییەكی خامۆش و مردووە، سیخناخە لە تووڕەیی و خەمۆكی و دڵتەنگی. لەگەڵ مرۆڤەكانداو تەنانەت لەگەڵ خۆشماندا پەیوەندییەكی لاوەكیمان هەیە، ئارامی و ئاسوودەیی كەمتر تیا بەدیدەكرێت!
بەڵگەنەویستە كە ئەو مرۆڤەی زۆرینەی كاتەكانی ژیان لەگەڵ ئامێرە كارەبایی و تەكنۆلۆژی و تەكنۆترۆنیەكاندا بەسەردەبات، جیاوازە لەو مرۆڤەی كە كار دەكات یان لە كێڵگەیەكدا جوتیارە یان موزیكژەنە یان پەیكەرتاشە. ئێمەی شاریی چونكە هاوژیانین لەگەڵ ئامێرەكاندا بۆیە دەروونمان پەشێوو نیگەرانە، جەنجاڵ و سەرقاڵین و زەبری دەروونی ماندووی كردووین، چاوو هەستەكانمان وێرانن. ئێمەی هۆگری شتە مردووەكان زۆر تەنیاین و لە گۆشەگیریدا نوغرۆین، دوورین لە بیركردنەوەو خەیاڵفراوانی. لە تەركیزو چڕكردنەوە لە خۆمان و ژیانمان.
لە هەست و سۆز تەجرید كراوین و وشك بووینەتەوە، دەروونمان ئاڵۆزو پەرشوبڵاوە، دووچاری گرێوگۆڵی دەروونی و مێشكی بووین، ئێمە كەسێكین چونكە سادە نەماوین، چونكە هەڵپەمانە بۆ كڕینی ئەو ئامێرانەی دەوروبەرمان و ماڵەكانمان پێ ئاخنیوە، بۆیە لە واقیع و ژیانی راستەقینە دووركەوتووینەتەوە، پەیوەندی كۆمەڵایەتی و خزمایەتی و هاوڕێیەتی و دراوسێیەتی و رێزو موحیبەت لە نێوانماندا كاڵتر بووەتەوە، هێمنیمان لە پلەی سفر نزیكبۆتەوە، بۆیە دواجار ئیرادەو هێزو توانامان لەدەستداوەو ناتوانین پلاكێكی كارەبایی چاك بكەینەوە چ جای مەكینە یان گاسنێك دروستبكەین.
ئاكامەكانی ناسادەیی ژیان و كۆكردنەوەی شتومەك و ئامێرەكان، لە ژیانماندا بێزاریمان پێشكەش دەكەن كە دەتوانێت بەسەرماندا زاڵبێت و ناتوانین بەرگری لێبكەین، ئەو بێزاری و دووبارەبوونەوەیەش دڵتەنگی و خەمۆكی و فشاری دەروونیمان بۆ دێنێ، كە زیان و ئازاری كوشندەمان دەدەنێ و ناچارمان دەكەن كە پەنا بۆ مەیخواردنەوەو جگەرەو نێرگەلەو ماددە هۆشبەرەكان ببەین بۆ ئەوەی بێزاریمان بشارینەوە، بەڵام دەروون و هزرو رەفتارمان نوقمتر دەكەین لە مەرگداو ژیانی راستەقینەی سادەو ئارامیش لە خۆمان دەتۆرێنین!
كەسێكی سادە، بەتواناترو چاكترو ئارامترە لە كەسێكی ئاڵۆز كە دووچاری گرێی دەروونی بووە، ئێمە تەنانەت منداڵ و رۆڵەكانیشمان سەرقاڵ كردووە بە ئامێری (پلەی ستەیشن و فیلمی ئەكشن و فیلمی كارتۆنی پڕ لە جنێو) منداڵ هەن رۆژی (10) كاتژمێر بەدیار تەلەفزیۆن و پلەی ستەیشنەوە دادەنیشن، ئیدی ئەم منداڵە مێشك و دەروونی تەندروست دروست نابێت، ئەگەر دە پرسیاری لێبكەیت رەنگە وەڵامی یەك پرسیارت بداتەوە، زۆر گرژو تووڕە دەبێت ئەگەر بتەوێت واز لە تەماشاكردن و یاریكردنەكەی بهێنێ. ئەگەر داوای لێبكەیت بچێت بەلای وانەو كۆششكردنییەوە، ورگی خۆی هەڵدەدڕێت!
بۆیە پێویستە ئێمە پارێزگاری لە ستایلی ژیانی سادەو ئارام بكەینەوەو خۆمان نەكەین بە كۆیلەی ئامێرو كەرەستە نەفرینەكان، خۆمان نەكەین بە قوربانی تایەیەكی ئۆتۆمبێل و خولەكێكی مۆبایلەكەی لاقەدمانەوە. پێویستە بەهێزو پتەو بین و پارەو ڤێلاو مۆنیكا لە خشتەمان نەبەن، چونكە دەبینە برغویەك و سۆزو لۆژێك لەدەستدەدەین، نرخی مرۆڤمان لا كەمتر دەبێتەوە لە نرخی سەیارەیەك، خۆشەویستی و عەشق بەهای مرۆڤایەتی و رۆحی خۆیان لەدەستدەدەن، كاتمان نامێنێ بۆ هاوڕێیەتی و خزمایەتی و پەیوەندی مرۆڤانە لەگەڵ یەكتردا. دەبینە كۆیلەی دۆلارو قەناعەت و بەختەوەریمان لەدەستدەدەین، چونكە هەڵپەدەكەین هەموو ئامێرەكانی بازاڕ بهێنینەوە بۆ ماڵەوەو ئەگەر لە دراوسێكانمان زیاترمان نەبوو ئاسوودە نابین، بەڵام لەڕاستیدا ئێمە بەو كارەمان، بەو رەفتارەو بیركردنەوەیەمان سادەیی و ئارامی و ئاسوودەییمان پێشكەش بە شتە مردووەكان و ئامێرە جەنجاڵەكان دەكەین و خۆشمان وەكو مرۆڤ نامێنین و دەبین بە ئامێر!
http://derunnasy.com/kesety/babeti-jimare3800.html
abuiyad

0 كۆمێنته‌كان:

إرسال تعليق