
سامان عه‌لا - ستۆكهولم
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه مرۆڤ له‌لوتكه‌ی پێشكه‌وتنی زانستیدایه، ته‌كنه‌لۆژیا توانیویه‌تی زۆر شتی سه‌یر و سه‌مه‌ره بۆ مرۆڤ ده‌سته‌به‌ربكات، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌مرۆڤ له‌هه‌ر كونجێكی ئه‌م ژیانه‌دابێت، ده‌توانێت به‌ئاسانترین شێوه په‌یوه‌ندیبكات، هه‌واڵ ببیستێ، ئاگاداری بار و دۆخی یه‌كتری ببن، ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا له‌گه‌ل خۆیدا دنیایه‌كی بۆ مرۆڤ دروستكردوه كه‌هه‌ر له‌خه‌ون و خه‌یال ده‌چێت. چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌فیلمه زانستی خه‌یاڵیه‌كاندا"علمی تخیلی" ده‌بینرا كه‌فه‌نتازیای زانست سه‌ره‌نجام چ جۆره ژیانێكی پڕ به‌خته‌وه‌ری بۆ مرۆڤ فه‌راهه‌م ده‌كات. هه‌رله‌و فیلمانه‌دا ده‌بینرا كه‌له‌سایه‌ی زانست و ته‌كنه‌لۆژیادا مرۆڤ ده‌ستڕه‌سی به‌زۆر له‌نهێنیه‌كانی ژیان ده‌بات. بۆ نموونه: ده‌یزانی له‌بۆشایی ئاسماندا چه‌ندجۆر هه‌ساره و ژیانی مرۆڤگه‌لێكی تر هه‌ن و ده‌بن، زانستی ئه‌له‌كترۆنی و په‌یوه‌ندی و هاتوچۆ و وزانستی پزیشكی چه‌نده پێشده‌كه‌وێت، كه‌ئه‌مه بۆخۆی بیرۆكه‌یه‌كی لێوه سه‌رده‌ردێنێت كه‌ژیانی مرۆڤ به‌ره‌و جاویدانی به‌رێت و ئیدی له‌سایه‌ی ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیا و پێشكه‌وتنه‌دا، كێشه و گیر و گرفته‌كانی مرۆڤایه‌تی كه‌مده‌بنه‌وه و یاخود هه‌رنامێنێت، له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه ژیان پڕده‌بێت له‌به‌خته‌وه‌ری و كه‌سێك نامێنێت له‌سه‌ر گۆی ئه‌م زه‌ویه بیر له‌كێشه‌ی هه‌ژاری و نه‌داری بكاته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا زانست به‌ده‌ر له‌لایه‌نه‌كانی تری ژیان، توانی زۆر زیاتر له فه‌نتازیا و خه‌یاڵاته‌كانی جاران به‌دی بێنێت و كارئاسانیه‌كی زۆر بۆ ژیان و خۆشگوزه‌رانی مرۆڤ بكات. به‌ڵام به‌داخه‌وه كێشه‌ی سه‌ره‌كی و جدیش هه‌میشه له‌گه‌ل پێشكه‌وتنی زانست و ته‌كنه‌لۆژیادا سه‌رهه‌ڵده‌دات. گه‌وره‌ترین كێشه‌ش كه له‌گه‌ل پێشكه‌وتنی زانستیدا سه‌ریهه‌ڵدا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی زۆرێك له‌پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه و دروستكردنی مۆدێلێكی نوێی ژیانه كه‌ئه‌ویش ته‌نهاییه. ته‌نهایی گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ژیانی مرۆڤه‌كانه له‌م سه‌رده‌مه‌دا. مرۆڤی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ل ده‌سڕه‌سی به‌وهه‌موو پێشكه‌وتنه، ته‌نهایه، ته‌نهاییه‌ك كه‌خه‌ریكه به‌هێواشی رۆحی ده‌كرۆژێت و ده‌یكاته ئامێرێك وه‌ك ئامێره‌كانی دیكه‌ی سه‌رده‌م. ئه‌م مۆدێله نوێیه له‌ژیان ده‌شێ بۆماوه‌یه‌ك چێژ و له‌زه‌ت له‌و پێشكه‌وتن و ئامێره نوێیانه‌ی زانست بۆ مرۆڤ ئاماده‌كات، به‌ڵام سه‌ره‌نجام پاكی ده‌كاته‌وه له‌هه‌موو مه‌هام و وه‌زیفه ئینسانیه‌كانی، مرۆڤ ده‌كاته بونه‌وه‌رێكی بێ‌گیان و بێ‌دڵ و هه‌ست، مرۆڤ ده‌خاته خانه‌یه‌كی خۆویستی و خۆ به‌زلزان و سه‌رئه‌نجامیش بێ ویژدان. به‌كورتی مرۆڤ له‌نێو تۆڕێكی گه‌وره و به‌رفراوانی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه فڕێده‌داته نێو ژورێكی بچوك و هه‌موو په‌یوه‌ندیه رۆحی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی لێده‌ستێنێته‌وه و له‌بری ئه‌وه ساڵه‌ها له‌به‌رده‌م شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن و كۆمپیوته‌ره‌كاندا ده‌یكاته كۆیله. لێره‌شه‌وه كه‌مرۆڤ ئاماده‌بوو ببێته ئه‌ربابی ئامێره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا و خۆبه‌خۆ راهات كه‌له‌ژووره بچوكه‌كاندا به‌ته‌نهایی ژیان به‌سه‌ربه‌رێت، كێشه‌ی گه‌وره‌ی ده‌روونی بۆ دروست ده‌بێت و كاتێك به‌خۆی ده‌زانێت كه‌ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیایه چه‌نده كارئاسانی بۆ ژیان دابینده‌كات، به‌ڵام كردویه‌تیه مرۆڤێكی ته‌نها و، چۆن ته‌نها و ته‌نها له‌كونجی ژوورێكی بچوكدا قه‌تیسی كردوه. سیحری ئامێره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیاش له‌وه‌دایه كه چیدی به‌ئاسانی رێنادا مرۆڤه‌كان ده‌ستبه‌رداریبن، تابگه‌ڕێنه‌وه بۆ په‌یوه‌ندیه ئاساییه‌كانی. له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا به‌رده‌وام كارگه‌كانی ئه‌م پێشكه‌وتنه زانستیانه هێنده به‌خێرایی و به‌شێوه‌یه‌كی هێنده جوان، ئامێره نوێیه‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، كه‌مرۆڤ له‌بری عاشقبوون به‌ژیان و جوانیه‌كانی ژیان، عاشقیانده‌بێت و هه‌موو ژیانی خۆی بۆ ته‌رخانده‌كات تا به‌ده‌ستیان بێنێت.
لێره‌وه ده‌كرێ بڵێین: ئه‌گه‌ر تادوێنێ، ئایدۆلۆژیا جۆرا و جۆره‌كان ملیۆنان كه‌سیان ده‌كرده ده‌روێشی خۆیان، ئه‌وا ئه‌مڕۆ ته‌كنه‌لۆژیا ملیاره‌ها ده‌كاته موریدی خۆی، ئه‌گه‌ر ئایدۆلۆژیا ئه‌ندامه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی له‌خانه‌یه‌كدا كۆده‌كرده‌وه، ئه‌وا ئه‌مڕۆ، ته‌كنه‌لۆژیا هه‌مووی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه. گه‌ر تادوێنێ مرۆڤه‌كان به‌هه‌ر هۆیه‌ك بوایه له‌ده‌وری یه‌كدی كۆده‌بونه‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئیمپڕاتۆریه‌تی ته‌كنه‌لۆژیا، مۆدێلێكی نوێ له‌ژیان ره‌نگڕێژ ده‌كات و به‌مرۆڤه‌كان ده‌ڵێت: پێتانخۆشبێت یان نا، بتانه‌وێت یاخودنا، من هاتووم و هه‌مووتان له‌كونجی ماڵ و سه‌ركاره‌كانتاندا به‌ته‌نهایی توند ده‌كه‌م.
مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه له‌سایه‌ی زانست و ته‌كنه‌لۆژیادا توانی جوانترین و پێشكه‌وتوترین پێشكه‌وتنه‌كانی زانستی به‌ده‌ستبێنێ، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا زۆر شتی جوان و مرۆیی له‌ده‌ست ده‌دات، مرۆڤه‌كان ته‌نهان، مال و نه‌خۆشخانه‌كان پڕن له‌نه‌خۆش، بازاره‌كان شێواون و مرۆڤ به‌هاونرخی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌ده‌ست داوه‌و... هتد.
ئه‌مڕۆ كه‌مرۆڤ له‌لوتكه‌ی پێشكه‌وتنی زانستدایه، زۆرترین رێژه‌ی هه‌ژار و نه‌دار و بێ نان و ئاو له‌سه‌ر گۆی ئه‌م زه‌مینه‌یه كه‌هه‌رگیز مرۆڤایه‌تی به‌خۆیه‌وه نه‌یدیوه. هه‌رله‌سایه‌ی ئه‌م پێشكه‌وتن و ته‌نهاییه‌دا، زۆرترین رێژه‌ی خۆكوشتن و سته‌مكاری و بێڕێزی به‌رامبه‌ر به‌مرۆڤایه‌تی ده‌كرێت. گومان له‌وه‌شدانیه، كه‌هه‌رئه‌م پێشكه‌وتنانه‌ی زانست و ته‌كنه‌لۆژیا كه‌ئه‌مڕۆ زۆرێك له‌كۆمپانیا زل و زه‌به‌لاحه‌كانی جیهان و له‌سه‌رێكیشه‌وه كه‌ڕاسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به سیاسه‌تمه‌دار و وڵاته زلهێزه‌كانی دونیاوه رابه‌رایه‌تی ده‌كرێن. له‌به‌رخاتری ده‌ستكه‌وتی زیاتر و پاراستنی ده‌سه‌ڵات و پله‌وپایه‌كانیان. ده‌رئه‌نجامی كێشمه‌كێشی سیاسی و ئابوریه‌كانیان، بۆ دواجار نه‌ك به‌ته‌نها ژیانی ئاسایی تاكه‌كان بشێوێنێ، به‌ڵكو ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه سه‌رجه‌می ژیان له‌سه‌رگۆی ئه‌م هه‌ساره‌یه له‌ناوببات. كه‌ئێستا هه‌رله‌سایه‌ی زانست‌دا زانراوه، كه‌ژیان ته‌نها له‌سه‌ر گۆی ئه‌م زه‌ویه هه‌یه.
سه‌رچاوهhttp://www.kurdistannet.info/net/index.php?option=com_content&view=article&id=4562:2009-06-19-22-56-21&catid=110:2009-01-10-21-52-05&Itemid=157
0 كۆمێنته‌كان:
إرسال تعليق